“بیرەوەری، لە دەرکەی هەموو لەبیرچوونەوەیەک دەدات.” باوکی بەڕێزم سڵاوێک لە قوڵایی دڵمەوە، ئاوێتە لەگەڵ بۆنی بۆن‌خۆشترین گوڵانی بەهاریت پێشکەش دەکەم. هیوادارم لە ئەوپەڕی خۆشی و کامەڕانی دا، بژی. ئەگەر داخوازی ئەوەت هەیە لە حاڵی من و بنەماڵەکەم، ئاگادار بی؛ جێی خۆیەتی کە پێت ڕاگەیێنم ئێمە هەموو ساغ و سڵامەت و بەکەیفین. جگە دووری ئێوەی بەڕێز […]

“بیرەوەری، لە دەرکەی هەموو لەبیرچوونەوەیەک دەدات.”
باوکی بەڕێزم
سڵاوێک لە قوڵایی دڵمەوە، ئاوێتە لەگەڵ بۆنی بۆن‌خۆشترین گوڵانی بەهاریت پێشکەش دەکەم. هیوادارم لە ئەوپەڕی خۆشی و کامەڕانی دا، بژی. ئەگەر داخوازی ئەوەت هەیە لە حاڵی من و بنەماڵەکەم، ئاگادار بی؛ جێی خۆیەتی کە پێت ڕاگەیێنم ئێمە هەموو ساغ و سڵامەت و بەکەیفین. جگە دووری ئێوەی بەڕێز هیچ کێشە و کەندوکۆسپێکمان لە ژیان دا، نییە.
ببوورە کە لە ڕێگای نامەوە پێوەندیت لەگەڵ دەگرم؛ چونکە وڵاتی ئێمە گەماڕۆ دراوە و هێڵی ئینتێرنێتمان نییە. هەرچەند کاتێک هەشمانە؛ خێرایییەکەی هێندە کەمە کە هەر بە کاری خۆیان دێت. ڕۆژانی کچم ئێستاکە پۆلی نۆهەمە و دەرسەکانیشی زۆر باشە. بیڵێم؛ لەبیرم چوو؛ ئەویش ئەوەی کە دوو ساڵ دوای ئەوەی تۆ بەجێت هێشتین؛ خودا کوڕێکی خوێن‌شیرینی چاوشینی داینێ. ناومان ناوە ئالان. ئێستاکە پۆلی یەکەمە. دادم و وان دەڵێن زۆر لە بابم دەچێ. دوای تۆ هێندەی پێ‌نەچوو؛ دادیشم بەجێی هێشتین. جا نازانم لەوێ یەکتر دەبینن؛ یان نا؟!
زۆر جار شەوانە بە یادی ئەودەم منداڵەکان، لە دەوری خۆم خڕ دەکەمەوە و باسی ڕابردوویان بۆ دەکەم. ئەرێ بابە گیان وەبیرت دێ؛ هەموومانت لە دەوری خۆت کۆ دەکردەوە و لە کتێبی پۆلی پێنجەمی سەرەتایی دا، وانەی “قەلەڕەشەیەک بە نێوی مێگاپوود”ت بۆ دەخوێندینەوە؟! یان شەوانی زستان دوای گوێ‌دان بە ڕادۆی بی‌بی‌سی، لەبەر ئەوەی وەڕەز نەبین؛ کایەی “فەلەی بێدەنگ”ت لەگەڵ دەکردین؟ ئەرێ بابە! بی‌بی‌سی ئەوزەمانیش، وەک ئێستاکە خەریکی درۆ و دەلەسە بوو؟!
منداڵەکانم هێشتا وردن و کێشە و چەڵەمەیەکی زۆریان نییە. ئەوە خۆم قورمیش دەکەم؛ تاکوو کاتی لاویان بتوانم دەرەقەتی پێداویستی و ئەرکەکانیان بێم. ئاخ بابە گیان باش لەبیرمە؛ ئەودەم چەندەت خەمی دامەزرانی ئێمە، دەخوارد! ڕستەی “زانست باشترە یان سەروەت”، ئەگەر بۆ مناڵانی دیکە، تەنیا بابەتی ئینشایەکی سەر کلاس بوو؛ بۆ ئێمە بەمانای مەرگ و ژیان بوو. باش لەبیرمە کە چۆن ژیانی خۆت لە پێناو منداڵەکانت دا، دانا؛ تا ئێمە پێگەیێنی. ئێستاکە کە چاو لە ڕابردوو دەکەم؛ دوو تایبەتمەندی تۆم، یەکجار لەلا بەنرخە. یەکەم ئەوەی کە هیچ کات لە ڕووی سەروەت و سامانەوە بایەخت نەدەدا بە مرۆڤ. دووهەم ئەوەی کە ئەوەندەی وەبیرم بێ؛ قەت ئەهلی خۆهەڵکێشان و تاریف‌کردنی خۆت نەبووی.
دەزانم تۆ بۆت نییە کە بگەڕێیەوە و بۆخۆشم، نازانم کەی ئیزنی ئەوەم پێ‌دەدرێ؛ بێم بۆ لات! بەڵام دڵنیا بە لەوەی کە تا گەیشتن بە تۆ، هەرگیزاوهەرگیز لە یادت ناکەم. با لەوە زیاتر وەختت نەگرم. دایکم و خێزانم و منداڵەکان سڵاوت دەگەیێنن. هیوادارم لەو دنیا بە دیداری یەک شاد بینەوە.
           کوڕی وەفاداری تۆ: بیژەن ڕەحمانی
  • نویسنده : بیژەن ڕەحمانی