مه‌رگی ویژدان و مرۆڤایەتی و ژیان
مه‌رگی ویژدان و مرۆڤایەتی و ژیان

مرۆڤ بە کەڵک وەرگرتن لە بیرو هزر و توانایی ئەندامەکانی لەشی، هەموو ئامێرێکی بۆ دابین کردنی ژیانێکی بەختەوەرانە و سەرسووڕهێنەر دەستەبەرکردووە…. هێندێک کەس بە پلەیەکی زانایی و توانایی و دارایی ئەوەندە بەرز گەیشتوون کە مانەوە لە سەر زەویی بە دواکەتوویی و بێ ئاوەزی دەزانن و پارەیەکی زۆر بە ڕێکخراەکانی گەردوون پێوی  و  زانایانی بواری بۆشایی […]

مرۆڤ بە کەڵک وەرگرتن لە بیرو هزر و توانایی ئەندامەکانی لەشی، هەموو ئامێرێکی بۆ دابین کردنی ژیانێکی بەختەوەرانە و سەرسووڕهێنەر دەستەبەرکردووە…. هێندێک کەس بە پلەیەکی زانایی و توانایی و دارایی ئەوەندە بەرز گەیشتوون کە مانەوە لە سەر زەویی بە دواکەتوویی و بێ ئاوەزی دەزانن و پارەیەکی زۆر بە ڕێکخراەکانی گەردوون پێوی  و  زانایانی بواری بۆشایی و گەردوون ناسی دەدەن   کە بە سواری گەمیەی بۆشایی پێو  (سفینە فضایی) بیانبەنە سەر گۆی هەسارە دوورەکانی وەک مانگ و مریخ …
هێندێک دەستەڵاتدار ڕوانگەیان وایە بە سازکردنی چەند مووشەکێکی کیشوەربڕ و بۆمبی ناوکی دەتوانن هەموو نەتەوەکان بە چۆک دابێنن و هەموو مرۆڤایەتی بکەنە پێخوستی ئامانجەکانیان… هێندێک زانای فیزیکی و کیمیایی و بوارەکانی دیکەی زانستی بەو پلە گەیون کە لە گردیلەکانی “ناوکی”  دەتوانن زەبەلاحترین  ئامێر سازبکەن و لێکی هەڵوەشێننەوەو بەکاری بێنن و پێویستیان بە بوونی هێزێکی واتایی و خوایی نەماوە…!؟

گریمانه‌کانی مرۆڤ

 هێندێک ڕامیار و دەستەڵاتدار و فەیلەسووف بەو ئاکامە گەیون کە بە گریمانە( فرضیه) کانیان  دەتوانن دەستەڵاتداری ئاسمان و هەسارەکانش بکەن…
لە ڕوانگەی هەموو ئەو زانا و دەستەڵاتدار و ڕامیار و فەیلەسووفانە، جیهان بۆتە تۆپە قوڕێک دەنێو لەپی دەستیان داو چۆنی بخوازن دەیپڵیشێننەوە و کۆی دەکەنەوەو ئامێرەکانی بەختەوەری خۆیان و چارەڕەشی خەڵکی دیکەی پێ ساز دەکەن…
بە پێی بیرو ڕای ئەو هەموو زاناو پسپۆڕ و چازان و لێزانانە  مرۆڤایەتی گەیشتە لوتکەی بەختەوەری …
بەڵام … ئەو هەموو فیز و لە خۆبایی بوونەی مرۆڤ، بە گردیلەیەک کە ڤایرۆسی “کۆڕۆنا”ی  ناوە و بە چاو نابینرێ بۆتە بڵـقـی سەر ئاو…!!!
لە وەڵاتێک دا کە گەیوەتە لوتکەی زاست و پێشکەوتن و لە هەموو ماڵێکی ئەو دونیایە دا  لانی کەم ئامێرێکی ژیانی درووست کراوی ئەوانی لێ یە، ڤایرۆسێک ژیانی ئاسایی خەڵکی شێواند و هەر زوو ڕامیاران و ئابووریناسان و دەستەڵاتداران هەڵوێستی خۆیان بەو شێوە نواند…
ـــ دەیانگووت:  فیتی ئامریکایە بۆ مایەپووچی ئابووری چین.
ـــ دیانگووت: ئەو ڤایرۆسە کەسانی بەتەمەن پێی دەمرن و چینی دەیهەوێ حەشیمەتی بە تەمەنی کە هێزی کاریان نەماوە قڕ بکات.
ـــ هێندێک موسڵمان دەیانگووت: لێ یان گەڕێن نوێژیان کردبان و ڕۆژوویان گرتبان و شەم شەمەکوێرەیان نەخواردبا ئەو بەڵایەیان بە سەر نەدەهات.
ـــ دەیانگووت: چین دەیهەوێ بەو کارە شیرکەتەکانی دەرەوە مایەپووچ بکات و لەو وەڵاتە هەڵێن و شیرکەتەکان بە پارەی کەم بکڕێتەوە.
ـــ دەیانگووت :…؟؟؟؟؟
بەڵام …

کێشه‌کانی درووست بوو

ئەم ڤایرۆسە هەموو دونیا و ئامریکاشی گرتەوەو چین توانی لە ماوەیەکی کورت دا بە سەر نەخۆشیەکەدا سەرکەوێ.
ئەو موسڵمانانەی شەمشەمە کوێرەیان نەدەخواردن بەو ڤایرۆسە گرفتار بوون و نەک نوێژەکانیان بەڵکوو مزگەوتەکان و کعبەشیان لێ داخرا… .
ئابووری هەموو دونیا کێشەی تێ کەوت و کارخانەکان داخران و فڕۆکە و شەمەندەفەر و گەمیەی نێو دەریاکان و  ئوتوبووسەکان ڕاوەستان و ئابووری دونیا بەرەو کزی ڕۆییشت و تەنانەت خەڵک لە ماڵەکان دا فسیان داوەو لە ژوورێ دا وەک مریشکە کورک هەڵکوڕماون و مرۆڤ پەیام بۆ خزم و دۆستان دەنێرن میوانیان نەبن و خۆشەویستی و تۆقەو ماچ بوونە بڤەو خەتەرێکی گەورەو هەموو کەس بێزیان لە یەکتر هەڵدەستێ و چاکە و یارمەتی و بەزەیی و سەردان بوونە بڵقی سەر ئاو و خەڵک پێ یان سەیرە کە ڕۆژانێک هات و چۆی گەرمیان هەبوو و مێوانداری و شایی وشینیان هەبوو…
بێ بایەخترین شتی وەک، دەمامک و دەستەوانە و دەسرەکاغەزی و ئاڵکۆڵ بوونە پڕ بایەخترین ئامێری ژیانی مرۆڤەکان…!
دۆستایەتی  و خزمایەتی و چاکە،  مردن و شەڕ و کێشەی نێوان دەوڵەتانیش ڕاوەستا و ئیدی بە شەڕ مرۆڤەکان ناکوژن. بەڵام بێڕەحمی و دڵڕەقی بوون بەڤایرۆسێکی کوشەندەتر و بە دەستی هێندێک دەست ڕۆییشتوو و سەرمایەدار  لە فرۆشگاو دەرمانخانەکان دا چوونە نێو کاڵا و پێداویستیەکانی بژیوی مرۆڤ…
گرانفرۆشی و… شاردنەوەی کاڵا و… گۆڕینی چۆنایەتی(کیفیت) کاڵا و… کەمکردنەوەی قوڕسایی(وزن) و قەبارەی (حجم) کاڵا و  فرۆشتنی کاڵای ماوە بە سەر چوو و… دەیان فێڵی دیکە… بوونە هۆی پەیدا بوونی قایرۆسی بێ ویژدانی و ڤایرۆسی دژی مرۆڤایەتی ….
هەر بۆیە دەبێ بڵێین:
ویژدان و مرۆڤایەتی مردن و کە وایە ژیانیش مرد…”
  • نویسنده : عەبدۆڵڵا حەمزە