شینی هێمن
شینی هێمن

۲۹ ساڵ بەسەر کۆچ کردنی هەمیشەیی مامۆستا هێمن دا تێپەڕی. بەو بۆنەیە پارچە شێعرێکی بڵاونەکراوە ئوستاد عەلی ئیسماعیل زادە (ڕێبوار) کە ساڵی ٦٥ دایناوە، پێشکەشتانی دەکەین. شینی هێمن چوومە سەیری گوڵزارەکەی،جیلوەی بەهارانی نەبوو عەتری خۆشی بیرەوەریی، بەرامەی جارانی نەبوو ئەستێرەکان چاوەرێی بوون،شەوێ دی،بەڵام مانگی ڕووی دیار نەبوو، دیار بوو خەیاڵی پرسەی شەوارانی نەبوو چوومە چیا […]

۲۹ ساڵ بەسەر کۆچ کردنی هەمیشەیی مامۆستا هێمن دا تێپەڕی.
بەو بۆنەیە پارچە شێعرێکی بڵاونەکراوە ئوستاد عەلی ئیسماعیل زادە (ڕێبوار) کە ساڵی ٦٥ دایناوە، پێشکەشتانی دەکەین.

شینی هێمن

چوومە سەیری گوڵزارەکەی،جیلوەی بەهارانی نەبوو
عەتری خۆشی بیرەوەریی، بەرامەی جارانی نەبوو
ئەستێرەکان چاوەرێی بوون،شەوێ دی،بەڵام مانگی ڕووی
دیار نەبوو، دیار بوو خەیاڵی پرسەی شەوارانی نەبوو
چوومە چیا لە ویم پرسی،”فرمێسکی ڕنوو” هاتنە خوار
مات لە سووچێک خۆی هەڵچنی،سامی بنارانی نەبوو
پرسیم لە گوڵ سەر و شوێنی،سووک بەرۆکی خۆی دادڕی
داخی سەر دڵی کەمتر لە ، گشت تازیەدارانی نەبوو
هانام بردە “سروە”،ئەویش خۆڵی رێگای وەسەر خۆ کرد
هەوری ڕەشپۆش هەڵقرچابوو، تنووکێ بارانی نەبوو
تەنیا لە “هەواری خاڵی”ی،خاسەکەویکی مل بە کوێن
خەمناک قاسپاندی: تاقەتی چۆلی هەوارانی نەبوو
کوتم ئاخر بۆ دەستی لەو ژیانە شیرینە هەڵگرت؟
کوتی چونکە چاوی دینی،لەرینی گوارانی نەبوو
کوتم وەک هەڵۆی زۆزانان زوو لەو مەلبەندە هەڵفڕی
کوتی پیر بوو ، فێری هەوای پێدەشت و ئارانی نەبوو…
کوتم تاراندیان؟ یا تۆرا؟ یا مەیلی لە گەڵ مە گۆڕا؟
کوتی تۆرا…دەنا هەرگیز خەیاڵی تارانی نەبوو
کوتم هەزاردەستانی مە،زوو کەوت لە بەند و بەستان
کوتی کەس هیندە تاقەتی مەرگی هەزارانی نەبوو
کوتم چاوەکانی بۆچی،هەمیشە لێڵی ئەسرین بوون؟
کوتی بەرایی بینینی، ئەشکی هەژارانی نەبوو
کوتم بۆ وا هەناسەسارد،سەری خەمینی نایەوە؟
کوتی هێزی بەرەنگاری،خێڵی پەژارانی نەبوو
کوتم بۆچی نەیهێشت شینێک،لەسەر گڵکۆکەی بگێڕین؟
کوتی چون شانازی مەرگی وەک سەربەدارانی نەبوو
کوتم ئەوشۆ بە یادی وی،ڕێژنەی ئەسرین دەبارێنین
کوتی بژین،بەهاری وی،قەت هیندە بارانی نەبوو
کوتم:”ئاسۆ ڕوونە” گیانە،پێی بڵێ هەستێ با بڕۆین
کوتی ئەو ڕۆیی،چاوەڕێی ڕێبوار و یارانی نەبوو…
  • نویسنده : عەلی ڕێبوار