رۆمان و گرینگی ئه‌و له‌ ئه‌ده‌بیاتدا
رۆمان و گرینگی ئه‌و له‌ ئه‌ده‌بیاتدا

ئەدەبیات بە گشتی و لە ناو جەرگەی ئەدەبیشدا، ڕەنگە رۆمان بە تایبەت لەمڕۆکەدا، لە چاو کایەکانی تری وەکوو فەلسەفە و هونەر و سیاسەت و هتد … چ سەرنجڕاکێشییەکی هەیە کە هێزی مانەوەی پێدەبەخشێ؟ بە ئاوڕدانەوەیەک لە هێندێک لە ڕوانینی نووسەرە مەزنەکان ڕەنگە تا ڕادەیەک وڵامی ئەم پرسیارە بدۆزینەوە؛ جیمز جۆیس بە ڕەمزی نەمری ناو دەبا […]

ئەدەبیات بە گشتی و لە ناو جەرگەی ئەدەبیشدا، ڕەنگە رۆمان بە تایبەت لەمڕۆکەدا، لە چاو کایەکانی تری وەکوو فەلسەفە و هونەر و سیاسەت و هتد … چ سەرنجڕاکێشییەکی هەیە کە هێزی مانەوەی پێدەبەخشێ؟ بە ئاوڕدانەوەیەک لە هێندێک لە ڕوانینی نووسەرە مەزنەکان ڕەنگە تا ڕادەیەک وڵامی ئەم پرسیارە بدۆزینەوە؛ جیمز جۆیس بە ڕەمزی نەمری ناو دەبا و کۆندێرا دۆنکیشۆت بە خاڵی وەرچەرخان و ڕۆمانیش بە یەکێک لە ئامرازەکانی پێشکەوتنی ئەوروپای ناو دەبات، کافکا دنیایەکی ترسێنەری تێدا دەخوڵقێنێ کە خۆشی بە ڕادەیەک لێی تۆقاوە کە ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی نووسراوەکانی دەگرێ … ئەوەی ڕەنگە لێرەدا کەمتر ئاوڕی لێ درابێتەوە ڕوانگەی خوێنەرە کەچی لە دنیای ئەمرڕۆکەدا هەر وەکوو دەیبینین لە بەخشینەوەی خەڵاتە ئەدەبییەکان تا ڕادەیەک پرس بە خوێنەرەکان دەکرێ یان وەکوو دیاردەیەک کە بەرەو باوبوون دەچێ لە هەندێک لە ڕاپرسییەکان بۆ دەستنیشانکردنی باشترین ڕۆمانەکانی سەدە، جێگایەکیش بۆ پرس بە خوێنەر دەهێڵنەوە.

لە لایەکی تریش چەمکێک بە ناوی ئەدەبیاتی کلاسیک و ئەدەبیاتی کلاسیکی مودێرن باوە کە شاکارە ئەدەبیاکانمان بۆ خانەبەندی دەکات، دانان و خەڵاتکردنی کارە ئەدەبییەکان هەر ساڵە لە ڕێگای جۆراوجۆری خەڵاتە ئەدەبییە نێودەوڵەتی و نێوخۆییەکانیش بە هەمان شێوە ئەگەر لە پێناو زەوقبەخشین بە خوێنەری هەڵنەسەنگێنین، ڕێگایەک بۆ کەشفکردنی نووسەرە باشەکان و ناساندنی ئاسەوارە سەرکەوتووەکانی ئەم ساڵەیە. دابەشکردنی رۆمان یەکێک لەو کارە بێسوودانە دەنوێنێ کە زیاتر سەر لە خوێنەر دەشێوێنی بە ڕای من.

دکتۆر ژیواگۆی پاسترناک وەک یەکێک لە گەورەترین شاکارە عاشقانەکانی سەدەی بیست بە ناو دەکرێ کەچی بە خوێندنەوەیەکی خێرا و بەو هەڵوێستەی یەکێتی سۆڤییەت لە بەرامبەر ڕێگەنەدان بە پاسترناک بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبیل دەبێ تێبگەین کە تەنیا وەکوو ڕۆمانێکی عاشقانە ناساندنی وەها کارێک بە خوێنەر دەتوانێ چەند هەڵە بێت، یان بە پێچەوانەوە وەکوو ڕۆمانێکی سیاسی بیناسێنین. سەد ساڵ تەنیایی مارکێز سەردەمێک کە باس لە مردنی رۆمان دەکرا گیانێکی نوێی کردەوە بە بەر خوێندنەوەدا، لە دۆنکیشۆتەوە بگرە هەرکام لە کارە مەزنە ئەدەبییەکان جێپەنجەیان دیار و وەکوو ڕووداوێکی مێژوویی شوێنێکیان بۆ خۆیان لە مێژوودا دیاری کردووە؛

كتێب و دادگا

دادگاییکردنی مادام بۆڤاری دادگاییکردنی فلۆبێر بوو، کەم نین ئەو نووسەر و کتێبگەلەی درانە دەست دادگا و بێدادگاکان. سانسۆر بە پێچەوانەی بیری زاڵەوە هەمیشە ڕێگایەکی دیاریکردن لە ڕیگای ناسین و ناساندنی نووسەر و کارەکەی بووە بە خوێنەر، هەر کارێک ڕێگا لە چاپ و بڵاوبوونەوەی گیراوە خوێنەر زیاتر ڕوویان تێکردووە. دیاردەیەکی تریش بە ناوی سووتاندنی کتێب، ئێمە دەتوانین وەکوو بەریەککەوتنی دوو دنیای جیاوازی ئەدەب و سیاسەت لێکدانەوەی بۆ بکەین. گەڕان بە دوای کاتی لە دەسچووی مارسێل پڕووست خوێنەر بە گشتی دەکات بە دوو بەشەوە؛ ئەوانەی ئەم کتێبەیان خوێندۆتەوە یان نەیانخوێندۆتەوە؟ لە زۆربەی شوێنەکانیش هاوکات دەسپێک لووتکەی ئەدەبیاتی ئەو وڵاتەش بووە.

پرسیارێکی تر ئەوەیە خوێنەر لە کوێی ئەم پرۆسەیە دایە؟ بە چاوخشاندنێک بە تەواوی پێشانگا دەوڵەتی و نێودەوڵەتییەکانی کتێب لە سەرانسەری جیهاندا، بە قەدەغەکردنی هەندێک ئاسەوار و لە بەرامبەردا ڕەواجدان بە چاپ و بڵاوکردنەوەی هەندێک سووکەکار لە لایەن هەندێک دەوڵەت و دامودەزگاوە، بە زۆر نموونەی تریش شتێک کە لێرەدا لە بیر دەکردرێ ئەویە کە خوێنەر لە چرکەساتی لەدایکبوونی هەر کارێکی ئەدەبیدا لە مێشکی نووسەر حوزووری هەیە، زۆرمان ڕێگا پێوا هەتا بە شێوەیەک لە شێوەکان لە سانسۆر و سووتاندنی کتێبەوە بگرە هەتا پێشانگاکان و خەڵاتەکان کە ڕێگایەک بۆ دۆزینەوەی خوێنەر پەیدا بکەین، بێخەبەر لەوەیکە خوێنەر لەو یەکەم چرکەساتەوە خۆی بوونی هەبووە.

پێوانه‌كانی كتێبی شاكار

پێوانەکان چین بۆ دیاریکردنی کتێبێک وەکوو شاکار؟ بە پێی ژمارەی خوێنەرەکان بە ڕای من دەتوانێ وڵام بۆ ئەم پرسیارە بدۆزرێتەوە. هەر وەک چۆن دژی خانەبەندیکردنی کتێبەکان بووم بە هەمان شێوەش دژی دابەشکردنی خوێنەرەکانم بە سەر بەرە جیاوازەکاندا، ئەگەر بە هەڵە نەچین دەزانین کە هەموو نووسەرەکان تا ڕادەیەک بە زمانێک دەنووسن و هەموو خوێنەرەکانیش بە زمانێکەوە دەخوێنەوە کە زمانی ئەدەبە و هەوڵدان پۆلێنکردنی کارێکی سەیر دەنوێنێ. یەکەم فاکتۆر بە دڵنیاییەوە کاتە، کاتێک کە مرۆڤ تەرخانی دەکات بۆ خوێندنەوە، بۆ خوێندنەوەی کتێبێکی سەد لاپەڕەیی بە لانیکەمەوە شەش کاتژمێر کاتی دەوێت، هەیە بە ڕۆژێک دەیخوێنێتەوە و هەیە بە چەند ڕۆژ، لە کام ساعەتی ڕۆژدا خوێندنەوەش گرینگی خۆی هەیە، هەر پرسیار ئەوەیە کەی کاتی دەبێ، ئەویش لە دنیای ئەمڕۆدا کە هەرکەس بیانووی خۆی هەیە بۆ نەبوونی کات. هەڵبژاردنی کام نووسەر؟ هەمیشە وریا بین لە ناساندنی نووسەرەکان و ئاسەوارەکانیان بە خەڵکانێک کە دەیانەوێ بخوێنەوە و دەگەڕێن لە کەسێک کتێبێکیان پێ بناسێنێ! من کە هیچکات ئامادە نیم ئەم کارە بکەم! وەرگێڕانیش بە هەمان شێوە بە تایبەت بۆ ئێمە کە زۆربەمان ناتوانین هەموو کتێبەکان بە زمانە سەرەکییەکەی بخوێنینەوە دەورێکی بەرچاوی هەیە، وەرگێڕانێکی خراپ دەتوانێ نووسەرێکی باش لە بەرچاومان وەها بخات کە جارێکی تر و بەم نەبوونی کاتە، کارێکی تری لێ نەخوێنینەوە!

ته‌مه‌نی رۆمان

لە کۆتاییدا، کاتێک دەتوانین تەمەنی رۆمان کوردی بگەڕێنینەوە بۆ ئەم پەنجا ساڵەی ڕابردوو، وێڕانی ئەوەی کە هەنگاوی باش نراون لە پێناو خزمەتکردن کە ئەوە بە دڵنیاییەوە بەس نییە، هەوڵەکانیش لە پێناو ناساندنی بە جیهان و وەرگێڕان بە زمانەکانی تر، دەتوانین داهاتووی خۆمان لەو جێهانە بەربڵاوەدا تا ڕادەیەک دیاری بکەین، بە چاوخشاندنێک بە چیرۆکەکانی هەزار و یەک شەو و بەراوەردکردنی لەگەڵ کارەکانی هاوچەرخی خۆیدا وەکوو دێکامێرۆن و چیرۆکەکانی کانتێربێری، دەزانین کە بە دواکەوتنی ئێمە هاوکات دواکەوتن لە ڕەوتی گێڕانەوە و خوڵقاندنیش سەر هەڵدەدات، پاش ئەوەیکە ئێمە شیعر وەکوو مژاری سەرەکی دەگرینە دەست و وەکوو ئامرازی گێڕانەوەش بەکاری دەهێنین و مژارەکانی تری پێ پڕدەکەینەوە، کاتێک لەگەڵ هونەری گێڕانەوەیەکی تر و تەواو پێشکەوتووتر لە ناسینی دوا دەکەوین، ئێستا هەلی ئەوە هاتووە کە بوونی ئەم هەموو تراژێدیا و کۆمێدیا و کارەساتە لە ژیانی ڕۆژانەماندا بە بەراوەرد لەگەڵ ژیانی بێئاڵوگۆڕی ڕۆژئاوایی کە هەموو حەماسەکان و ئەفسانەکان باریان کردووە لێی، هەوڵی خوڵقاندنی شاکارەکان بدرێن.

 

 

 

 

 

  • نویسنده : چیمەن سانیار
  • منبع خبر : گۆڤاری بەیان