جان دۆست لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوه
جان دۆست لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوه

جان دۆست یان ژان دۆست (Jan Dost) لە دایکبووی ١٩۶۵ نووسەر، شاعیر و وەرگێڕی کوردە. لە ساڵی ١٩۶۵ لە کۆبانێ لەدایک بووە. لە زانکۆی حەلەب بەشی بایۆلۆژیی تەواو کردووە. لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە لە ئاڵمانیادا دەژی. بە شیعر دەستی بە کار کرد و یەکەمین دیوانی (قەڵای دمدم) ساڵی ١٩٩١ لە ئەڵمانیا و پاشان لە ھەمان ساڵدا […]

جان دۆست یان ژان دۆست (Jan Dost) لە دایکبووی ١٩۶۵ نووسەر، شاعیر و وەرگێڕی کوردە. لە ساڵی ١٩۶۵ لە کۆبانێ لەدایک بووە. لە زانکۆی حەلەب بەشی بایۆلۆژیی تەواو کردووە. لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە لە ئاڵمانیادا دەژی. بە شیعر دەستی بە کار کرد و یەکەمین دیوانی (قەڵای دمدم) ساڵی ١٩٩١ لە ئەڵمانیا و پاشان لە ھەمان ساڵدا لە ئەستەمبووڵدا بڵاویکردەوە. ھەروەھا (دیوانی جان) ی لە دوبەی و ئەستەمبوڵ چاپکرد. چەندین کتێبی لە کوردییەوە بۆ عەرەبی وەرگێڕاوە. وەک مەم و زینی ئەحمەدی خانی، کە ناوی ناوە (الدر الثمین فی شرح مم و زین)، بە چوار چاپ لە دیمەشق و بەیرووت و دھۆک بڵاوبووەوە، پاشان کتێبی (عادات و ڕسووماتنامەی ئەکرادییە) ی مەلا مەحمووی بایەزیدی و ڕۆمانی (میرنامە) و دۆمانی (لابیرەنتا جنان – متاھە الجن) ی حەسەن مەتی بۆ پڕۆژەی ئەلکەلیمە کردوونەتە عەرەبی و لە ئەبوزەبی چاپکراون. ئەمانە و جگە لە وەرگێڕانی ڕۆمانی (مژاباد) و (مارتینی بەختەوەر) بۆ عەرەبی. ئینجاش نووسینی دوو ڕۆمان ببەناوی (دم عای المئذنە)

ڕۆمانی کۆبانی لە نووسەری کورد جان دۆست بە وەرگێڕانی وریا غەففوری، پێکهاتوو لە شەست بەش لە ۵٧٧ لاپەڕەدا؛

قالب و مەکتەب؛ ڕۆمان، ڕئالیسم

 ڕۆمانی کۆبانی هەروەک بە ناوەکەی ڕا دیارە مێژووی سیاسی ــ ئابووری ــ جوغرافیایی شارێکمان بۆ دەکا لە ڕۆژاوای کوردستان کە چلۆن وەک نقیمێکی دەروەشاوە سەرنجی هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ و لەلایەکەوە دەبێتە شوێنی هێرش و کوشتار و داڕووخان و تێکشکانو وێرانی و لەلایەکی تریشەوە دەبێتە هیوا و هێمای بەرخۆدان، ویست و ئیڕادە و ورە و هاوکاتیش لەگەڵ ئەو کێشمەکێش و شەڕ و پێکدادانەدا ئاماژە بە سیاسەت و دەسەڵاتداری و پەیمانی لۆزان و خەسارەکانی لەسەر نەتەوەی کورد دەکات. 

جان دۆست لە قالبی ڕۆماندا، بەسەرهاتی بنەماڵەی حاجی موسلیم حەمزەڕاڤدا لە سەرەتا هاتنی باوکی حاجی موسلیمەوە بۆ کۆبانیمان هەتا دوایین ڕووداو و کارەساتەی لەگەڵ شار بەسەر یەک بە یەکی ئەو بنەماڵەیەدا دێت مان بۆ دەگێڕێتەوە. 

ڕۆمان لە بەشی یەکەمدا وردەوردە ئەندامانی بنەماڵەی حاجی موسلیممان پێدەناسێنێ.  بگێڕەوە لە زمانی سێهەم کەسەوە دەست پێدەکا و بەش لە دوای بەش لەگەڵ بگێڕەوە لە زمان یەکەم کەسەوە واتا نووسەرەوە جێگۆڕکێ دەکا و ئەو ڕەوتە تا کۆتایی ڕۆمان بەردەوامە. ڕۆمانەکە تەنیا یەک قارەمان و کەسێتی نییە و بەردەوام قارەمانەکان دێن و بەر لە ئاوابوونیان قارەمانێکی تر سەر هەڵدەدا و هەر ئەوەش وادەکا خوێنەر بە بێ پسانەوە پێی و شوێنی ڕووداوەکان بگرێت بەدوای قەدەر و چارەنووسیاندا بچێتە پێشتر. 

دیاره ڕووداوەکان تایبەتی یەک بنەماڵە نین و ئەو بنەماڵەیە وەک نمادێکە لە تەواوی خەڵکی شارەوە هەڵبژێردراون و تەنانەت دەتوانین بڵێین لە هەر شوێنێک زوڵم و زۆر، ئاوارەیی و کۆچبەری هەبێ، ئەم لێقەوماوی و کارەسات و خنکان و جەرگ سووتانەش هەیە و ئەو باسە دەبێتە هۆی ئەوەی خوێنەر لەگەڵ تاک بە تاکی جەماعەتی ناو ڕۆمانەکە هەست بە لێکچوون بکات. 

کاتێک شەڕ بەردەرگا بە مرۆڤ دەگرێ مرۆڤ وەک گڵۆڵە بەنێکی ئاڵۆزکاوی لێدێ کە هەر چەند حەول و تەقەلایەتی سەرەدەری لێ دەرناکا و گرێ کوێرەکان دروست دەبن. بە ئاماژە بە خۆکووژی خەدیجە دوای ئەوەی گەیشتبووە وڵاتێکی ئەمن وەک ئاڵمان، بە شێت بوونی حاجی موسلیم و هەوا له بێژینگدانی، ژیانی مناڵی زیاد ابو تاریق کە داعشە کاردانەوە و مانەوەی  ڕووداوەکان لەسەر ڕوح و زێهنی مرۆڤ و ئاڵۆزکانی دەروونی مرۆڤ بە جوانی دێتە بەرسەرنج. 

جان دۆست بە باس کردنی کوژرانی مستەفای حاجی حەمزەڕاڤ لەسەربازگەی حکومەت، خۆ پێشاندانی جەماوەری بەر لە پەلاماری داعشەکان  لە نەوعی دەسەڵاتداری و دیکتاتۆریێەتی حاکم خورد دەبێتەوە و تا ڕادەیەک خوێنەر تێدەگات بۆ چی داعش بۆ پەلامار و هێرشەکانی ئەم وڵاتە هەڵدەبژێردرێ.  

کاتێک خوێنەر دێت و سەیری چارەنووسی ئەو بنەماڵەیە دەکا هەزار و یەک دەردی نەگوتراو و نەبیستراو ئاوقای ڕوح و دەروونی دەبێ و هەست بە ئەزموون کردنی ژیانێکی تاڵ و پڕ زام دەکاخوێنەر لە دێڕ بە دێڕی ڕۆمانەکەوە دەتوانێ لەگەڵ جوغرافیا، داب و نەریت و عورف، پیرۆزییەکانی کۆمەڵگا ئاشنا ببێ. لەگەڵ دیالۆگی نێوان ئەندامانی بنەماڵەی حاجی موسلیمەوە پێبکەنێ، لەگەڵ حەمە فێری کار وکاسبی ببێ، لە خۆپێشاندانی وڵات و لەوەند دا هەست بەو گڕکانە دەروونییە بکات کە ڕوحی لاوێک داگیردەکات، بە باغڵمەی باران و شێعرەکانی ئامەد و خەدیجە ڕوحی لفەدووانەی موسیقا و شێعر بخزێتە ناو دەمارەکانی و تووشی هەڵچوون بێت، هاو هەنگاوی مەتینی گەریلا ڕوو بکاتە چیا و هاوتەریبی ڕەوشەنی مێرماڵ فکر و بیری وڵاتپارێزی و نیشتمان پەروەری، واتای ڕاستەقینەی ئەوینداری،  شەڕەف و نامووس بناسێ و بخرۆشێ، لەگەڵ هێرشەکانی داعش و سەربڕینی باراندا  بترسێ و بە دەست پێ کردنی کۆڕەو ئاوارە بێت و ژیانی ئاوارەیی، تێککشانی نەفسی، داڕووخانی غروری مرۆڤەکان، پێداویستی و ئیحتیاجاتیان ئەزموون بکات و لەگەڵ سیامەند وزۆزانی مناڵ لەناو خێوەتەکاندا بە پێخواسی خەریک گمە و یاری مناڵان بێ. نووسەر وردبینانە بواری سیاسی، کۆمەڵناسی، دەروونناسی کۆمەڵگای خستۆتە ژێر زەڕەبین  کە تەنانەت کاتێک  باسی مناڵی و گەورەبوونی  زیادی ابوتاریق دەکات خوێنەر بەزەیی بەویش دادێ. خوێنەر لەگەڵ ساعەت ژان و چارکێگ ژانی یازدەبرینی خۆی دایدەگرێ ، لەگەڵ کلیل و دەرگا ئاسنە داخراوەکان، دەرگای دڵی بەڕووی خۆشیێەکاندا دادەخسترێ و هەنگاو بە هەنگاو بەسەر بێتۆن و چیمەنتۆ و وێرانەکاندا دەڕوات و قرخەقرخێک هەناوی دەبروسقکێنێ. لە گەڵ نەزۆکی ئیسلما هەست بە زامی نەزۆکی و ملکەچی بۆ هەوێساری دەکات و بە لەدایکبوونی هێڤی و هەواڵی ڕزگاری کۆبانی چاوی پڕ دەبێتە گریانی خۆشی و هێڤی وەک ڕووناکی دواڕۆژی ساتەتاڵەکان لە باوەش دەگرێ کەچی لەگەڵ گەڕانەوەی ئایشێ و مناڵەکانی و بەدەنگی ئەڵڵەوئەکبەڕ و ئەوگوللەیەی مێشک و سینگی خۆی و مناڵ و خەزووری دەپێکێ، ژهرەێکی تریش دەنۆشێ. لەگەڵ بگێڕەوە هێزی گوتنی هەواڵی مردنی خەلۆ ب

بە منداڵەکانی هێزی گوتنی ئەژنۆی دەشکێ و برینی غەریبی و دوورەوڵاتی هەناوی دەبرژێنێ.

نووسەر لە کۆبانیدا  بە کەڵکوەرگرتن لە؛

وەسف و شوبهاندن( وەسفی شوێن، کات، حاڵەت، ئینسان، ئەشیا)، 

دیالۆگ ( پرسیار + وڵام،  دەستوور + وەڵام)، 

 ڕووداو،

کەسایەتی،

 بگێڕەوە،

تەسویری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ،

گێرەو کێشمەکێش(  لەگەڵ کۆمەڵگا، لەگەڵ سروشت، لەگەڵ، کەسێکی دی، لەگەڵ خۆ)، ڕۆمان دەباتە پێش و هەست و خووستی خوێنەر دێنێتە ناو بازنەیەکەوە و هەرجارە و لەگەڵ هەربەشێک شۆکێکی پێدەبەخشێ. 

دەستی نووسەر نەهێشێ و قەڵەمی بەردەوام.

  • نویسنده : چیمەن سانیار